ئەردۆغان: هەموو چەكدارانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەكوژین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات بە نادردنی كۆچبەران بۆیان و دەشڵێت " هەموو چەكدارانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەكوژین" كە مەبەست بێی هەسەدەیە.

لە یەكەم وتاریدا دوای جاڕدانی شەڕی بۆ سەر باكووری سووریا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەكانمان توانیومانە 16 هەزار تیرۆریست لەكۆڵبكەینەوه: بە هەموو توانایەك رووبەڕووی یەپەگە و داعش دەبینەوە هەموو چەكدارانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەكوژین.

لە وتارەكەیدا، ئەردۆغان ئاڕاستەی قسەكانی بۆ سعوودییە و میسر گۆڕی و وتی: پێویستە سعوودییە لە ئاوێنەدا سەیری خۆی بكات، پێویستە لە یەمەن بكشێتەوە، كە دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی كردووەتە قوربانی، ئێمە ئامۆژگاری لە سعودیە وەرناگرین كە تۆمەتبارە بە كوشتنی هەزاران كەس.

سەبارەت بە میسریش، وتی: دەسەڵاتدارانی میسر ناتوانن دیموكراتی لە وڵاتەكەیان بەدی بهێنن.

سەبارەت بە وڵاتانی ئەوروپاش وتی "پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بێدەنگبن ئەگەرنا كۆچبەرانیان بۆ دەنێرین".

ئێوارەی دوێنێ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای  كوردستان دەستپێكرد و لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
 


PM:01:46:10/10/2019