پەكەكە: لە دژی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا هەمو ماڵ و كۆڵانێك دەبێتە بەرەیەكی شەڕ

كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" داوای لە هێزەكانی هەپەگە و یەژاستار كرد لە باكوری كوردستان چالاكیەكانیان دەستپێبكەنەوە و رایگەیاند، "لە دژی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا هەموو ماڵ و كۆڵانێك دەبێتە بەرەیەكی شەڕ". 

پەكەكە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، "لە كاتێكدا سوپای توركیا هێرشدەكاتە سەر ئیدارەی باكوری سوریا و دەخوازێت ئەوەی داعش پێینەكراو، ئەوان تەواوی بكەن بەوەش جارێكی دیكە مێژوو ئەو ئەركەی پێداون كە بۆ شەرەف و مرۆڤایەتی و ئازادی تێبكۆشن".

ئاماژە بەوەشكراوە، سوپای توركیا لە رێگەی ئەو ئۆپراسیۆنەوە دەخوازێت خەڵكی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات ئاوارە بكەن و سەر لە نوێ چەكدارانی داعش زیندو بكەنەوە كە لەسەر دەستی هەسەدە لەناوبران.

لە راگەیەندراوەكەی پەكەكەدا ئەوەشخراوەتەڕو، توركیا دەخوازێت بەو هێرشەی دەستكەوتەكانی گەلانی باكور و رۆژەهەڵاتی سوریا لەناو ببات و ئەو هێزەی داعشی تێكشكاندا لاواز بكات، بەڵام "لە باوەڕ و بڕیاری ئێمەدا سەبارەت بە سەركەوتنمان هێچ گومانێكمان نیە".

پەكەكە دەشڵێت، "داوا هێزەكانی هەپەگە و یەژا ستار دەكەین لە هەر كوێیەك بون چالاكییە گەریلایەكانیان لە دژی دەسەڵاتی فاشیزمی ئەكەپە-مەهەپە زیادبكەن".

داواش لە گەنجانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات لە بەرامبەر هەوڵەكانی داگیركاریدا دەست بەچالاكی بكەن و لە دەوری سەركەوتنی رۆژئاوادا كۆببنەوە.

 


PM:02:28:10/10/2019