تورکیا بەچڕی ناوچەی نیشتەجێبوون لە گرێ سپی بۆردومان دەکات

بەیانی ئەمڕۆ فرۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا و تۆپخانەكانی بۆردومانێكی چڕی گرێ سپی دەستپێکردەوە و ناوچەی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی مەدەنی کردۆتە ئامانج.

میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە سوپای توركیا بێ گوێدانە ژیان و ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچەكە، لەڕێگەی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی و تۆپخانه‌كانیەوە و بەهاوبەشی لەگەڵ گروپە هاوپەیمانەكانی، بەردەوامە لە لەشكركێشییەكانی بۆ ناوی خاكی رۆژئاوای كوردستان.

ئەوەش خراوەتەڕوو توركیا هێرشەكانی بۆ سەر شارەكە لە سێ لاوە ئەنجامداوە، بەڵام شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە روبەروبونەوەیەكی تونددان و قەڵخانێكیان بەدەوری شارەكەدا دروستكردوە و بەرگری دەكەن و رێگەیان نەداوە سوپای توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بچنە پێشەوە.

ئەوش لەکاتێکدایە تائێستا دەیان هاوڵاتی مەدەنی بونە قوربانی و هەزارانی دیكە بێ ماڵ و حاڵ بون.

AM:09:19:11/10/2019