بەرهەم ساڵەح: پێویستە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بووەستێت



بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" پێویستە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بووەستێت".

بەگوێرەی زانیارییەکان د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و داوایکردووە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بووەستێ و رێگەچارەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.

سەرۆککۆماری عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، رێگری لەو کارەساتە مرۆییە بگیرێت کە کوردانی ئەو ناوچەیە لەسەر دەستی تورکیا رووبەڕووی بوونەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات لە ناوچەکانی سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان لە رۆژی٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و، تاوەکو ئێستاش سەرەڕای دژایەتیی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان، تورکیا سوورە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە. 









 


PM:05:25:12/10/2019