بۆردومان ڕێگرە لەچونی تیمێکی پزیشكی ئەمریكی بۆ سەرێکانی

تیمیكێی پزیشكی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سوری كورد، بەرەو سەرێكانی بەڕێكەوتن بۆ بەهاناوەچوونی برینداران، بەڵام تیمە ئەمریكییەكە رایانگەیاند كە بۆردومانەكانی توركیا رێگە نادات بچینە ناو سەرێكانی.

لەئێستادا بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سەرێكانی، پزیشكانی شارەكە ناتوانن بەهانای بریندارانی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی بچن.

لەو بارەیەوە فری بۆرما رانگەرس، ئەندامێكی تیمە ئەمریكییەكە رایگەیاندوە،"تیمەكەی ئێمە لەگەڵ هەیڤا سوری كورد، دەمانەوێت بچینە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سەرێ كانی بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان، بەڵام بۆردومانەكانی سوپای توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی رێگە نادەن بچینە شارەكە و بەردەوامیش بۆردومانی نەخۆشخانەكە دەكەن".

هەروەها پزیشكێكی دیكەی تیمەكە بەناوی داڤد یۆئوبانگ راگەیاندوە،"ئیمە ئێستا لە گوندی ئەسەدێین، گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی نزیك توركیا رێگە نادەن بچینە ناو شاری سەرێ كانی بەمەبەستی بەهاناوەچونی برینداران و چارەسەركردنیان".

تیمی ئەمریكی بۆ رزگاركردنی برینداران تیمێكی مەدەنین و كار دەكەن بۆ رزگاركردنی بریندارانی شەڕ لە ناوچەكە.

PM:01:09:18/10/2019