وەزیری خوێندنی باڵا: ئەمڕۆ توانیمان ١٥٧٩ خوێندكاری دیكە لە زانكۆ وەربگرین

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پێنجەمین خولی دەرچوانی زانكۆی گەرمیان ڕایگەیاند: لە ماوەی (١٠٠) ڕۆژی ڕابردودا هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی ڕاستەقینە لە بواری خوێندنی باڵا، دەشڵێت "ئەمڕۆ توانیمان ١٥٧٩ خوێندكاری دیكە لە زانكۆ وەربگرین".

ئەو ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا هات كە ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (٢٠/١٠/٢٠١٩) لەشاری كەلار لە خولی پێنجەمی دەرچوانی زانكۆی گەرمیان پێشكەشیكردو تیایدا (١٣٧٩) رۆڵەی وڵاتەكەمان لە (٢٩) بەشی جیاجیا بڕوانامەی بەكالۆرۆسیان وەرگرت.

لە وتەكەیدا د. ئارام محمد قادر ڕوو لە دەرچوانی زانكۆی گەرمیان ڕایگەیاند: سەربەرزم ئەمرۆ لە گەرمیانی لانكەی خەبات و درێژەپێدانی كوردایەتی و مەڵبەندی ئەنفال و قوربانیدان  شۆڕشگێڕی و لە ڕێوڕەسمی دەرچوانی پێنجەمین خولی زانكۆكەتان (خولی زانست... بەرخودانە... ژیانە) بەشدارین.  بۆ ئەمەش وتی: ئاهەنگی دەرچوونی ئەم گەنجانە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبونی (١٠٠) ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەو ماوەیەدا جێگەی شانازییە چەندین هەنگاوی گرنمان ناوە، لە هەنگاوی یەكەمدا بڕیارمان دا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە ڕێژەی (٤٥٪) بۆ هەمو زانكۆ حكومییەكان و هەمو قۆناخەكانی خوێندن، هەروەها بڕیارماندا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە سەرجەم زانكۆ تایبەتەكانی كوردستان بە ڕێژەی (٢٥٪) بۆ هەمو بوارەكان و قۆناغەكانی خوێندن،  هەروەها ئەمساڵ بۆ یەكەمینجار توانیمان زۆرترین ڕێژەی دەرچوان لە كۆلێج و بەشەكانی زانكۆ حكومییەكان وەربگرین،

كە لە ئەنجامی سكاڵاشدا ئەمڕۆ توانیمان (١٥٧٩) خوێندكاری دیكە لە ئەنجامی پێشكەشكردنی سكاڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران، بەمەش هیچ دەرچویەكی ئامادەیی لەدەرەوەی پلانی وەرگرتن نەماوەتەوە.

هەر لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی گەرمیان، وەزیری خوێندنی باڵا ئاشكرایكرد: هەر لە ماوەی دەستبەكاربوونمان توانیمان چارەسەری گرفتی هەمو كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا بكەین و خۆشبەختانە ئێستا هەموو كاندیدەكان گرفتەكانیان چارەسەر كراوەو دەستیان بە خوێندن كردوە.

هاوكات توانیمان لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا هەموار بكەینەوەو دەرفەتی بەرفراوان بۆ دەرچوانی زانكۆكانمان بڕەخسێنێت، لێرەوە دەتوانم مژدەی ئەوەتان پێ بدەم كە لە چەند ڕۆژی داهاتودا ڕێنماییەكان بڵاو دەكەینەوەو دواتریش دەرگای پیشكەشكردنی داواكاری دەكەینەوەو ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵیش لە هەموو زانكۆكان ئەوانەی هێشتا دانەمەزراون دەتوانن داواكاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشكەش بكەن. وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی لە چەند رۆژی ڕابردودا سێ یەكەمەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان (١٢٤٩) دەرچوە، بڕیاری دامەزراندنیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرچو، بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی هەریەك لە بەڕێزان سەرۆك و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بۆ هەوڵ و رۆڵیلن بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكان، كە هەریەك لە سێ یەكەمەكان دەتوانن لە بوار و پسپۆڕیەكانیادا خزمەت بە هەرێمەكەمان و پێشخستنی ئاستی زانستی بكەن.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕوو لە دەرچوان ڕایگەیاند: خەونی ئێوە بەدەستهێنانی هەلی كارو ئابوریەكی سەقامگیرە، بەڵام گرنگە  ئەو ڕاستیەتان لە پێش چاو بێت كە هیچ كات حكومەت بە تەنیا ناتوانێت دەرفەتی كار بۆ هەمو دەرچوانی زانكۆكان فەراهەم بكات، بەڵكو دەبێت كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی لەم پرۆسەیەدا بەشداربن، پلانمان هەیە "بۆ هاوكاری ئێوە" پشتیوانی زیاتر لە سێنتەرەكانی بەكارخستن بكەین لە زانكۆكانی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەم سێنتەرانە بتوانن لە دوای دەرچونتان لە زانكۆ هاوكارتان بن لە ڕێنوێنی و ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكانتان.

هەر لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی گەرمیان، د. سیروان حەسەن سەرۆكی زانكۆ گەرمیان لە وتەیەكدا ئاماژەی بە ژمارەی دەرچوان و بەش و كۆلێژەكانی زانكۆ و ئاستی زانكۆی گەرمیان و ئەو پرۆژەو بەرنامانەی پێشكەشی دەكات خستەڕوو، هەروەك باسیشی لە پێداویستییە گرنگەكان كرد بۆ پێشخستنی زانكۆی گەرمیان و كرانەوەی زیاتری نێودەوڵەتی.


PM:08:21:20/10/2019