توركیا ١٨سەربازی بەدیلگیراوی سوریای رادەستكردەوە


کەناڵی ڕووسیا تودەی بڵاویکردەوە، هێزەكانی توركیا ١٨ سەربازی بەدیلگیراوی سووپای سوریایان بەسەرپەرشتی رووسیا رادەست كردەووە كە بەم دواییانە لە ناوچەی سنوری نێوان توركیاو سوریا بەدیلگیرابوون.


كەناڵی روسیا تودەی ئەوەشی خستەڕوو: كە رادەستكردنەوەی ئەو سەربازە دیلە سووریانە لە دەروازەی دەرباسیە لەسەر سنووری توركیا بەڕێوەچووە.


هاوکات لای خۆیشیەوە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەزاری چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە رایگەیاندوە، ئەو سەربازە رادەستكراوانە بەپێی رێككەوتننامەو یاسا تایبەتمەندەكانی دیل مامەڵەیان لەگەڵ نەكراوە.


ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر، خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند" وڵاتەكەی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ روسیا لەسەر رادەستكردنەوەی ١٨ دیلی سوپای سووریا، كە رۆژی ٢٩ی ئۆكتۆبەر لەنزیك شاری سەرێكانی لە پارێزگای حەسەكە، لەشەڕی نێوان هێزەكانی حكومەتی سووریاو ئەو میلیشیایانەدا دەستگیركراوون كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن". 






AM:09:21:01/11/2019