ئەمڕۆ لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور کە سیانیان کوردن، یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و حەوت بڕیاریان دەرکرد.
کۆبوونەوەی لیژنەکە بەسەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەش راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە:
یەکەم: بەشداریپێکردنی لیژنەی دانایان کە مەرجەعییەت داوای پێکهێنانی کردووە لە گفتوگۆکانی لیژنەکە بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکە و پێشنیازەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور.
دووەم: بەشدارییکردنی مامۆستایانی یاسای دەستووری لە زانکۆکانی عێراق لە ئامادەکردن.
سیێەم: داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و یەکێتییە پسپۆڕەکان دەکەن، لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە، بۆچوون و پێشنیازەکانیان پێشکەش بکەن.
چوارەم: کردنەوەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی بۆ پێشوازییکردن لە رای چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی لەوانەش نوێنەرانی خۆیشاندانەکان لەبارەی بۆچوونەکانیان لەسەر هەمواکردنەوەی دەستوور.
پێنجەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.
شەشەم: داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی و جێبەجێکردن دەکەن نوێنەری خۆیان بێنرێن بۆ گوێگرتن لە تێڕوانین و بۆچوونەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور.
حەوتەم: دەستوور هەمواردەکەنەوە بەپێی ماوەی دەستووریی دیاریکراو.
لیژنەکە بڕیاریداوە لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامدەبێت بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی پێویستی دەستوور لە خێراترین ماوەدا کە گونجاوبێت لەگەڵ پێویستی سەرەکی بونیادنانی دەوڵەت لە چوارچێوەی دەستووردا.