ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.

لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە سەرەتای كۆبووەنەوەكەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە راپۆرتێكی دەربارەی پێكهاتەی وەزارەت و میلاك وخەرجییەكان و هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لەبواری كاروباری پێشمەرگە خستەڕوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەكانی راپۆرتەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پێكبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی لە راگەیەندراوەكەیدا باسی لەوەشكردوە، پاشان خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی راپۆرتێكی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەكانی 3 و 12 و 16 و 17 لە یاسای فیدراڵی ژمارە 4ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە 12ی ساڵی 2018 و دوا پەرەسەندنەكانی لێژنەی پێكهاتوو بۆ گۆڕانكاری لە دەستووری عێراق و یەكەمین كۆنووسی لیژنەكە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناكرێت.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەكە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.


PM:05:28:13/11/2019