پۆمپیۆ: ئەمەریكا لە پاراستنی نەوتی سووریا بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەیەكی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە وەزیری دەرەوەی عێراقیش تیایدا بەشدار بوو وتی" ئەمەریكا لە پاراستنی نەوتی سووریا بەردەوام دەبێت".

 

 مایك پۆمپیۆ ڕاشیگەیاند" ئەمەریكا لە سەركردایەتیكردنی هاوپەیمانیەتییەكە بەردەوام دەبێت بەمەبەستی رێگرتن لە داعش لە دروستكردنەوەی شوێن پێ لە ئەفریقیا، هەروەها لە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان لە سووریا و رێگرتن لە داعش لە كۆنترۆڵكردنیان".

 

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی یارمەتی عێراق دەدات بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانیەتییە كرد بۆ زیادكردنی پاڵپشتیان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق و رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا. جیا لەوە داوای لەو وڵاتانە كرد بۆ وەرگرتنەوەی گیراوانی داعش كە رەگەزنامەی ئەوانیان هەیە.

 
 
 


PM:07:15:14/11/2019