دوای دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران بەندەری ئوم قەسر كرایەوە

شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کە پارێزگاکەى گرتووەتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق جارێکی تر بەندەری ئوم قەسریان لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق داخست، ئەمڕۆ جارێکی تر دوای دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران بەندەری ئوم قەسر كرایەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە دوای دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران، سەرلەنوێ‌ جموجۆڵ و هاتووچۆی بارهەڵگرەكان لە بەندەری ئوم قەسر  دەستیپێكردەوە و دەروازەكانی بەندەرەكە كرانەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بەندەری ئوم قەسر کە دەکەوێتە پارێزگای بەسڕەو تاقە دەروازەی عێراقە بەڕووی هاتن و چوونی کەشتییە بارهەڵگرەکان تاکو کاتێکی نادیار داخرا، کە چەند جارێک هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە توانیان کۆنتڕۆڵی بکەن و وە چەند جارێکێش خۆپیشاندەران توانیآن کۆنتڕۆڵی بکەن و ڕێگە لە هاتووچۆی کەل و پەل بگرن.

 

بەندەی ئوم قەسر گەورەترین بەندەری عێراقە بە رووی وڵاتانی کەنداودا، و رۆژانە بە سەدان بارهەڵگر کەلوپەل و خۆراک لە رێگەی بەندەرەکەوە، هاوردەی عێراق دەکرێت، بەتایبەت مادەکانی بەشە خۆراکی مانگانە.

 

هاوکات عێراق رۆژانە لە بەندەرەکەوە، 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمێل رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.

 

لە لایەکی تریشەوە سەرەتای‌ ئەم مانگە خۆپیشاندانی‌ جەماوەری‌ بەرفراوان لە ژمارەیەك شاری‌ عیراق دەستی‌ پێكرد و خۆپیشاندەران داوای‌ ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌ و رووبەڕووبوونەوەی‌ گەندەڵی‌ و دابینكردنی‌ خزمەتگوزاری‌ و هەلی‌ كاریان دەكرد و دواتر داواكارییەكەیان گۆڕا بۆ گۆڕینی‌ حکومەتی عیراق.

 
 




 




PM:02:54:16/11/2019