نرخی مریشک دادەبەزێت

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانیش ڕایگەیاند" بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوەیە".

 

نازم عەبدوڵا، وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی دەڵێت" نرخی مریشک ئێستا دابەزیوە بۆ ١٦٠٠ دینار و هۆکاری دابەزینی نرخەکەشی بەهۆی بێپلانی حکومەتەوەیە، چونکە بەرهەمێکی زۆری ناوخۆیی هەیە و هیچ گرنگی پێنادرێت و ئاوڕی لێنادرێتەوە".

 

سەرچاوەکە وتیشی" حکومەت دەتوانێت بۆ نەهێشتنی ئەو زیانانەی لە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەکەوێت کە بۆ هەر کیلۆیەک مریشک ٢١٠٠ دینار لەسەریان دەکەوێت بەڵام ئێستا نرخی مریشک بۆ ١٦٠٠ دینار دابەزیوە، دەتوانێت لە چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکاندا مریشکی ناوخۆ وەک بەدیلی مریشکی بەستوو بەکاربهێنرێت".

 

ماوەی هەفتەیەکە نرخی مریشک لە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەپێی قسەی وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکان زیانێکی زۆر بەر خاون کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک کەوتوە کە لەهەرکیلۆیەکدا زیاتر لە ٥٠٠ دینار زیان دەکەن.  



PM:05:17:16/11/2019