نرخی مریشک دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت

 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانیش ڕایگەیاند، بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوەیە. 


نازم عەبدوڵا وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، نرخی مریشک ئێستا دابەزیوە بۆ ١٦٠٠ دینار و هۆکاری دابەزینی نرخەکەشی بەهۆی بێپلانی حکومەتەوەیە چونکە بەرهەمێکی زۆری ناوخۆیی هەیە و هیچ گرنگی پێنادرێت و ئاوڕی لێنادرێتەوە.


وتەبێژی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی, ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمی ناوخۆی مریشک لە سەدا سەد زیادەی هەیە لە پێداویستی بەڵام حکومەت ڕێگری لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو ناکات لەکاتێکدا ئەو مریشکە بەستوانە تورکی نین و شیاو نین بۆ خواردن.


دەڵێت، ئێمە لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیانەوە ساڵانە ٢٥٠ هەزار تەن مریشک بەرهەم دەهێنین، لەکاتێکدا بەسەرجەم هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە بە منداڵی ساوا و ئەو پەککەوتانەی توانای خواردنی گۆشتیان نیە پێویستمان بە ٦٧ هەزار تەن مریشک هەیە، کە بۆ هەرکەسێک لە ساڵێکدا ٢٣ بۆ ٢٤ کیلۆ مریشکمان پێویستە.


وتیشی، حکومەت دەتوانێت بۆ نەهێشتنی ئەو زیانانەی لە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەکەوێت کە بۆ هەر کیلۆیەک مریشک ٢١٠٠ دینار لەسەریان دەکەوێت بەڵام ئێستا نرخی مریشک بۆ ١٦٠٠ دینار دابەزیوە، دەتوانێت لە چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکاندا مریشکی ناوخۆ وەک بەدیلی مریشکی بەستوو بەکاربهێنرێت.

PM:10:01:16/11/2019