پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە لایەنگرانی حبە ڕۆژهەڵاتیەکان و چەند ڕێکخراوێکی باشوور گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست.
گردبوونەوەکە کە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئامادەکاری بۆ کرابوو بە ئامانجی پشتگیریی لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات و ئیدانەکردنی کوشتنی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ساز درابوو، کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی باشوور و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵات و باشوور تێیدا باشدارییان کرد.
لەو گردبوونەوەیەدا ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی دوو بەیانناممە وێڕای ئیدانەکردنی کوشتن و سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای پاڵپشتی و پشتیوانیی سیاسییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و هاوکات بو توندی کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەلایەن ئێرانەوە ئیدانە کرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شەممەی هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی گرانبوونی بەهای بەنزین دەستی پێکرد، لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 100 کەس کوژران کە 48 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بەپێی دوایین زانیارییەکان لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک هەزار کەس دەستگیر کراوە و ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە یەک هەزار کەس.