ژمارەی كوژراوانی ناسریە لە بەرز بوونەوەدایە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری ناسرە بۆ ١٣ كەس بەرز بۆتەوە".

 

میدیایەكی عیراقی ڕایگەیاند" هەردوو پردی زەیتونە و نەسر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كۆنترۆڵ كراوە و هێزە ئەمنیەكانیش رووبەڕوویان دەبنەوە".

 

لە شەوی رابردووە وە ئەو پێكادانە بەردەوامە، بەو هۆوە تا ئێستا 13 كەس كوژراون، هاوكات دەیان كەس برینداربوون.

 

خۆپیشاندانەكانی ناسریە هاوكاتە لەگەڵ بەرز بوونەوەی ناڕەزایەتییەكان لە شارەكانی باشووری عیراق كە شەوی رابردوو خۆپیشاندەران بارەگای كونسوڵخانەی ئێرانیان لە نەجەف سوتاند و هەروەها پێكادان لە شارەكانی دیكەی باشووردا بەردەوامە.

 

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە ١ی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی هەمان مانگ دەستیانپێكردەوە و تائێستا بەردەوامە.




PM:12:13:28/11/2019