حاكم شێخ لەتیف: ئەگەر دادوەری سەربەخۆ بوایە حاڵمان نەدەگەیشت بەم ڕۆژە

حاكم شێخ لەتیف، پسپۆڕی یاسایی رایگەیاند،"دەبینن ئەو دوو دادوەرەی کە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم دادەنرێن چۆن یەکێکیان پارتی دەبێت ئەوی تریش یەکێتی".

شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد و تیایدا بڕیاریدا ئەنجومەنی ئێستای كۆمسیاران هەڵبوەشێتەوە و ئەنجومەنێكی نوێ لە دادوەرانی سەربەخۆ پێكبهێنرێت.

لەو بارەیەوە حاكم شێخ لەتیف لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"ئەگەر دادوەری سەربەخۆ بوایە حاڵمان نەدەگەیشت بەم ڕۆژە".

هەروەها نوسیویەتی "لە پەیمانی ئاشتەوایی «حودەیبیە» لەنێوان قوڕەیش و موسوڵمانەکان، پەیامبەر نوسی: لە محەمەد نێردراوی خواوە، نوێنەری قورەیش ڕازی نەبو وتی جا ئێمە ناکۆکیەکەمان لەگەڵتان لەسەر ئەوەیە ئەگەر ڕازی بوینایە کە تۆ نێردراوی خوای ھیچ کێشەیەکمان نەدەبوو، ئەوەبوو کردی بە : لە محەمەدی کوڕی عەبدوڵاوە"

نوسویەتی،"پەرلەمانی عێراقیش بەحیسابی خۆی کۆمسیۆن سەربەخۆ دەکات دەڵێ: پێکدێن لەدادوەران و ڕاوێژکارانی ئەنجومەنی شورا و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە کاندید دەکرێن، بەمەش کۆمسیۆنەکە بە حیسابی ئەوان سەربەخۆو بێ لایەن دەبێ.

ئاماژەی بەوەشكردوە،وەک نوێنەری قورەیش بە پەیامبەریان وت، بە پەرلەمان دەڵێین: ئێوە واتان داناوە کە دادوەری سەربەخۆیە( کە پێویست بوو وابێ )، بەڵام ھەموان دەزانن کە بە ھیچ شێوەیەک سەربەخۆ نیە و ئەگەر دادگا سەربەخۆ بوایە ئەسڵەن كێشەمان نەدەبو حاڵمان نەدەگەیشتە ئەمڕۆژە. ئەزموونی دوا ھەڵبژاردنەکانیشمان لەبەرچاوە کە دادوەران سەرپەرشتیان کرد و سەرەڕای ناڕەزایی زۆر، بەڵام دەرەنجامەکان بەویستی حیزبەگەورەکان وەک خۆیان ھاتنەوە.

هەر لەو پەیامەیدا رایگەیاند،"دەشبینن ئەو دو دادوەرەی کە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم دادەنرێن چۆن یەکێکیان پارتی دەبێت ئەوی تریش یەکێتی"

لە كۆتاییدا نوسیویەتی،"خۆ ھەڵخەڵەتاندنە ئەوەی پێی وابێ ئەم کۆمسێۆنە دەتوانێ سەربەخۆیی و بێلایەنی و نەزاھەی ھەڵبژاردن بپارێزێ لەداھاتوش دەیبینین،ان غدا لناطره لقريب"


PM:02:54:06/12/2019