" ئێمە لە بری وەڵامدانەوە سێ مانگە بەبەردەوامی کار بۆ چاکسازی ھەمە لایەنە دەکەین "

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" ئێمە لە بری وەڵامدانەوە، سێ مانگە بەبەردەوامی کار بۆ چاکسازی ھەمەلایەنە دەکەین".

 

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی" ئەوەی سێ مانگی ڕابردوو کرایە ئامانج و زۆرترین ناوزڕاندنی بەرامبەرکرا بۆ دواکەوتنی یاسای چاکسازی ئێمە بوین، لەکاتێکدا دەبوو رەخنە لەوانە بگیرێت ٢٨ ساڵە وڵاتیان نوقمی گەندەڵی کرد".

 

ناوبراو وتیشی" ئێمە لە بری وەڵامدانەوە، سێ مانگە بەبەردەوامی کار بۆ چاکسازی ھەمەلایەنە دەکەین،  بۆ یەکەمجار وردەکاری گەندەڵی خاڵە سنوریەکان و باج و دۆسیە جیاوازەکانی نەوت و گەندەڵی گەورەی وەبەرھێنانمان دیاری کرد، پێکەوە کارمانکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر دۆسیەی خاڵە سنوریەکان".

 

دەقی نوسینەکەی


چاکسازیەکەی سبەینێ


عەلی حەمە ساڵح


ئەوەی سێ مانگی ڕابردوو کرایە ئامانج و زۆرترین ناوزڕاندنی بەرامبەرکرا بۆ دواکەوتنی یاسای چاکسازی ئێمە بوین ، لەکاتێکدا دەبوو رەخنە لەوانە بگیرێت ٢٨ ساڵە وڵاتیان نوقمی گەندەڵی کرد!


تەنانەت پشتیوانانی گەندەڵکاران و ئەوانەش خەڵکیان بێ ئومێدکرد لە ھەڵبژاردن ھەر ڕەخنەیان لە ئێمە دەگرت!


ئێمە لە بری وەڵامدانەوە، سێ مانگە بەبەردەوامی کار بۆ چاکسازی ھەمەلایەنە دەکەین، بۆ یەکەمجار وردەکاری گەندەڵی خاڵە سنوریەکان و باج و دۆسیە جیاوازەکانی نەوت وگەندەڵی گەورەی وەبەرھێنانمان دیاری کرد، پێکەوە کارمانکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر دۆسیەی خاڵە سنوریەکان .


لەبری بێ ئومێدبون داوامان لە وەزارەتی دارایی کرد، پێویستە یاسای بودجە ئامادەبکات، ئێستا قۆناغی باشی لە وەزارەتی دارایی بڕیوەو لای ئەنجومەنی وەزیرانە .
بۆ من ھەستێکی پڕ لە شانازیە، ئەوەی ١٠ ساڵە لەسەر گەندەڵی و نادادی باسی دەکەین ، سبەی لە ئەنجومەنی وەزیران بەشێکی دەبێتە پرۆژەی ھەموان.


پرۆژە کە لە زیاتر لە ٢٠ مادە پێکدێت و بابەتی گرنگی تێدایە، بەڵام دۆسیەی چاکسازی لای ئێمە لەمە فراوانترەو ئێستا کار بۆ چاکسازی لە چەندین بواری تر دەکەین .


-دۆسیەی نەوت


-خاڵە سنوریەکان


-باج


-ھەمواری یاسای وەبەرھێنان


-یاسای تایبت بەڕێگری لە قاچاخی دەرمان


-رێگری لەقاچاخی نەوت


-دروستکردنی سندوقی داھاتی نەوت


-پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی


-دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای چاکسازی.


-چەندین پرۆژەی دیکە


لای ئێمە ئامانج سەرکەوتنی پرۆژەکانە، بۆیە خۆمان بەتەنیا ناکەینە خاوەنی و دەڵێین: چاکسازی ھی ھەموانە.


بە دڵنیای لە پاڵ کارکردن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژانە ، لە بونی گەندەڵی بەھەموو توانایەک دژایەتی دەکەین و لە پێنج مانگی رابردوو ئیشمان کەسەر ٢٠ دۆسیەی گرنگ کردوە، ھەرکەسێکیش ئاستەنگی دروستکرد قسەی جدیمان بەرامبەری دەبێت.


ئاسانترین شت ئەوەیە بڵێی ھیچ ناکرێ و چاکسازی درۆیەو خەڵک بێ ئومێدبکەیت، ئەرکە قورسەکەش ئەوەیە کار بۆ سەرخستنی پرۆژەکانی چاکسازی بکەیت، لە کوێش گەندەڵی ھەبوو لە بری قسەی گشتی بە بەڵگەو داتا بیسەلمێنێت.


 


AM:12:19:11/12/2019