د.کازم فاروق: چاکسازیییەكانی حكومەت رووکەش و سەتحین

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" چاکسازی دەبێت گشتگیر بێت و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، نەك رووکەش و سەتحی بێت".

 

دكتۆر كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا لە بارەی پڕۆژەكەوە دەڵێت" چاکسازی فیعلی ئەوەیە کە داهاتی نەوت و غاز شەفاف بێت، هێزی پێشمەرگە سەربەخۆ و بە نیشتیمانی بکرێت، کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی پاك و بێلایەن دروست بکرێت، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان ئاشکرابکرێت".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەختیشیکردەوە: مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و پاشەکەوتەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران، هەلی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ دابین بکرێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی باشبکرێن، بڕینی خانەنشینی پلە باڵاکان.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد" ئەمانە چاکسازی راستەقینەن نەك شەرعاندنی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و پلەباڵاکان و کەمکردنەوەی قوت و موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی". 

 

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی كرد بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلەی پێدرا تا بەر لە هاتنی پشووی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام نەوەی نوێ بەشداریی نەكرد و رایانگەیاند كە ئەوان رەخنەیان لە پڕۆژەكە هەیە.

 


PM:01:52:16/12/2019