ئەبوبەكر هەڵەدنی: وا پێویست بوو یەكگرتوو وەكو تەیارێكی كۆمەڵایەتی بمێنێتەوە‌

ئەندامێکی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ماڵپەڕی "زەمەن"ی ڕاگەیاند" گۆڕان چوار هەڵبژاردن لە سلێمانی یەكەم بوو، دەبوایە یەكگرتوو دەنگی بەو بدایە، بەڵام لەمەدا یەكگرتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئیحراج كرد، وا پێویست بوو یەكگرتوو وەكو تەیارێكی كۆمەڵایەتی بمێنێتەوە‌و بۆ بوارە سیاسیەكەش حزبێكی نوێ تەشكیل بكرێت".

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە "زەمەن"ی وت" سێ‌ خولە ئەندامی سەركردایەتیم هەموو پۆستەكانی ناو یەكگرتووم بڕیوە، بە مەكتەب سیاسیشەوە تەنیا نەبومەتە ئەمیندار، هەندێك هۆكاری تایبەت بە خۆمە‌و هەندێكیشی قەناعەتم بەوە هەیە جێگەكانمان چۆڵ بكەین هەندێ وزە‌و توانای نوێ بێتە شوێنمان، كە یەكگرتوو لە وەدا زۆری هەیە، هیوادارم بەشێكی تر لە برادەرەكانم جێگای خۆیان چۆڵ بكەن بۆ ئەو نەوە نوێیەی لەناو یەكگرتوودا هەیە".

 

ئەبوبەکر هەڵەدنی وتیشی" وا پێویست بوو یەكگرتوو وەكو تەیارێكی كۆمەڵایەتی بمێنێتەوە‌و بۆ بوارە سیاسیەكەش لە داهاتوودا حزبێكی نوێ تەشكیل بكرێت یان لەگەڵ ئەو هێز‌و خەڵكانەی لە گۆڕەپانەكەدا هەن بە هەموومان بتوانین لە داهاتوودا واجیهەیەكی گەورەتر دروست بكەین".

 

هەڵەدنی لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد"  من لە خولی پێشوو وازم لە سەرۆكی فراكسیۆن هێنا چونكە پێموابوو لە دوای پەكخستنی پەرلەمان، پەرلەمانی كارتۆنی دەبێت داواشیان كرد من ببمە سەرۆكی پەرلەمان یان سكرتێری پەرلەمان بەڵام من هەردوكیانم رەتكردەوە چونكە بۆ پۆست نەهاتوینتە مەیدانەكەوە‌و پێشموابوو پەرلەمان لەو ماوەیەدا كاری گەورە ناكات هەرواش دەرچوو، بەڵام بۆ خولی هەڵبژاردن دەبوایە من سەرۆكی لیست بومایە بەڵام سەركردایەتی یەكگرتوو پێیوابوو نابێت ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی لیست بێت لە ٣٥ ئەندامی سەركردایەتی حەوت كەس دەنگیان بە مندا".

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی جەختیشیکردەوە: لەدوای ئەوەش لە ناو كۆنگرەش من یەكەم دەنگی كۆنگرە بووم، واتە بەشی هەرە زۆر رێكخستنی كەوادیری یەكگرتوو ئێمەو مانانی قبوڵە‌و ئێمە تەعبیرمان لەوان كردووە، ئەوەی منی بەدڵ نەبووە بەشێكی سەركردایەتی بوو.

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی ڕاشیگەیاند" هەستانەوەی یەکگرتوو بەشێكی پەیوەندی بە كارەكتەرەكانەوە هەیە، بەشەكەی تری پەیوەندی دونیابینی‌و ستراتیژ‌و هەیكەلیەتێكی سەردەمیانەوە هەیە، ئەمەش جاری وا هەیە دۆخەكە رێگرە بەڵام بەشێكی بەرچاوی پەیوەندی بە ئەدایی سەركردایەتی‌و كەسی یەكەمی ناو حزبەوە هەیە، من هیوادارم گۆڕانكاری لەو ئاستەدا رووبدات‌و  ئەندامانی كۆنگرە ئەو بڕیارە مێژووییە بدەن".

 

ناوبراو هیواشی خواست ئەم كۆنگرە زۆربەی دەموچاوەكان لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیش گۆڕانیان بەسەردا بێت.

 

ئەمەش لە کاتیكدایە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند" خۆی بۆ ئەندامێتی سەركردایەتی یەكگرتوو كاندید ناكاتەوە لەبەر هەندێك هۆكاری خۆیی و رێگەخۆشكردن بۆ هاتنەپێشی كەسانی دیكە لە وزە و نەوەی نوێ".

 

 



PM:04:09:18/12/2019