ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە نوسینێکیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" رازی نابین کە پەرلەمان بکرێتە دامەزراوەیەکی بێدەسەڵاتی لاواز، بەڵکو خۆم و هاوڕێکانم بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستەکانمان و لەبەرەی خەڵک دەبین و لەمافی خەڵک خۆشنابین و شەڕی لەسەردەکەین".
د. کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەرۆکی گەورەترین وڵاتی دنیا لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە ڕوبەڕوی لێپێچینەوە دەکرێت و نزیکەی ١٠ کاتژمێر گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکان دەیگوازنەوە، بەبێ ئەوەی بڵێن ئەمە ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی ناوخۆیی دەخاتە مەترسیەوە بە بێ ئەوەی بڵێن با قسە نەکەین و با سەرۆکەکەمان نەشکێت".
وتیشی" لەسەر کەناڵەکان و میدیاکان، کۆنگرێسمان و نوێنەرەکانی خەڵک هاواردەکەن دەڵێن سەرۆکەکەمان تەزویری کردووە و فێڵی کردووە و کاری نایاسایی و گەندەڵی کردووە و ئەیانەوێت سەرۆکەکەیان لابدەن".
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت" لای ئێمەش پەرلەمان ویستی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بگۆرێت، پارتی دووساڵ پەرلەمانەکەی داخست. یان ئێستا پەرلەمان كە سەرۆکەکەی لە یەکێتییە، خەریکی وشە گۆڕین و شتی لاوەکین، لە کاتێکدا ئەو هەموو دزی و گەندەڵیە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە سنوریەکاندا دەکرێت و مووچەی خەڵک دوادەکەوێت و پاشەکەوتی مووچە هەر دیارنیە، بەڵام پەرلەمان تا ئێستا، نەک لێپێچینەوەی لە سەرۆکی حکومەت نەکردوە، تەنانەت یەك وەزیریشی محاسەبە نەکردووە".
لە کۆتایی نوسینەکەیدا د. کازم فاروق جەختیشیکردەوە: لە بەرامبەردا نەوەی نوێ دەیەوێت دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بەهێزبێت و پەرلەمان بە ڕۆڵی راستەقینەی خۆی هەستێت، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەوە رازی نابین کە پەرلەمان بکرێتە دامەزراوەیەکی بێدەسەڵاتی لاواز، بەڵکو خۆم و هاوڕێکانم بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستەکانمان و لەبەرەی خەڵک دەبین و لەمافی خەڵک خۆشنابین و شەڕی لەسەردەکەین.