ئەبوبەکر هەڵەدنی پشتیوانی خۆی بۆ ئەبوبەکر کاروانی دەربڕی

ئەبوبەکر هەڵەدنى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى پشتیوانی خۆی بۆ ئەبوبەکر کاروانی بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو دەربڕی.

 

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە نوسینێکیدا لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ڕایگەیاند" دەستخۆشی وپێزانینم ئاراستەی براو سەرکردەوڕوناکبیروبیرمەندی هەڵکەوتوو (مامۆستا ئەبوبەکر عەلی) ناسراو بەئەبوبەکر کاروانی دەکەم، بۆ خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان".

 

هەڵەدنی هیواشی خواست متمانەی ئەندامانی کۆنگرە ی هەشتەم بەدەست بێنێت کەچەندین ساڵە سەوداسەری ڕاتەکاندنی تۆزو غوباری هەڵنیشتووی سەر جەستەی ماندووی یەکگرتوەکەمانە.

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەختیشیکردەوە: ئەرکی ئەم قۆناغەمانە کە پشتیوانی سەرخستنی پڕۆژی نوێبونەوەی یەکگرتووبین تاببێتەوە بەهێزە سەرنج ڕاکێش وکاریگەرەکەی جاران لەپێناوی:

 

_ئەنجام دانی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانە ومەدەنیانەی پۆست وجێگاکان ،بەوەش دەیسەلمێنین کەیەکگرتوو کانگا ی هەڵخستنی سەرکردەیە.

 

_هاوکاری ودەستباری هەموو کادیر وسەرکردەکان وئەندامان بۆپێڕاگەیشتنی یەکگرتوو بەئەرکە ئیسڵاحی وکوردستانی ونیشتیمانیەکانی کە هەڵقوڵاوو موتوربەکراوی گیان وتێگەیشتنە ئیسلامیە ڕەسەن و پاکەکەیەتی.

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەبوبەکر کاروانی ڕاشیگەیاند" هیوادارم بە کۆنگرەیەکی ناوازە وسەرکەوتوو هەموان ئەسرینی شادومانی بڕێژین وشاگەشکەبین کەیەکگرتوو لەهەر کۆنگرەیەک مەڵۆیەک دەخاتە سەر خەرمانی دەسکەوت وداهێنانەکانی".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو ئەبوبەکر عەلی ناسراو بە ئەبوبەکر کاروانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە سۆنگەی هەستکردن بە لێپرسراوێتی و دوای راوێژکردن لەگەڵ دەیان سەرکردەی یەکگرتوو بڕیاریداوە لەژێر دروشمی (هەموومان پێکەوە لەپێناو هەڵسانەوە ‌و نوێكردنەوەی یەكگرتوودا) خۆی بۆ ئەمینداری یەکگرتوو کاندید بکات.

 

بڕیارە رۆژى ٢٨ و ٢٩ ى ئەم مانگە یەکگرتووى ئیسلامى کۆنگرەى هەشتەم ببەستێت.



PM:04:36:20/12/2019