بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ژمارە١٢ ی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەم ئەنجامدەدات.
لە نوسراوێکدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، داوا لەسه‌رجه‌م پەرلەمانتارانی کوردستان دەکات بۆ ئامادەبون لە کۆبونەوەی پەرلەمان لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌ممه رێكه‌وتی.
هاوکات بانگهێشتکردنەکە بە پشت به‌ستن به حوكمى برگه‌ى سێییه‌م له مادده‌ى (١٨)و بڕگه‌ی یه‌كه‌م له ماده‌ى (١٩)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانی-عێراقە.
هەروەها ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەکەی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا هاتووە، یەکەم بەرنامەی کار بریتی دەبێت لە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پێشنیازه‌بڕیاری (رۆژانی بۆنه فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان .
دووه‌م بەرنامەی کاریش بریتیە لە درێژكردنه‌وه‌ی (خولی پاییزه)ی ساڵی یه‌كه‌م له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی حوكمی بڕگه‌ی (چواره‌م) له ماده‌ی (٧)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
لە سێیەم بەرنامەی کاریشدا هاتووە، دانان و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چەند ئەندامێک له لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی حوكمی ماده‌كانی (٢٨، ٣٤) له‌په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
بەپێی ناوەڕۆکی بەرنامەی کار چوارەم تەوەری دانیشتنی پەرلەمان بریتی دەبێت لە خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی به‌ڕێز (مه‌م بورهان قانع) په‌یوه‌ست به(سیاسه‌تی به‌گه‌ڕخستنی داهاته‌كان) به‌پێی حوكمی خاڵی (٢)ی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ماده‌ی (٤٩)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە دانیشتنی پێشووی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسایی چاکسازی لە مووچەی خانەنشیناندا کراو کە ئەمەش کاردانەوەی چین و توێژەکانی لێکەوتەوە و لە چەند شار‌و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان دژی بەندەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە گردبوونەوە کرا.