ناوەڕۆکی كۆبوونەوەی عەبدولمەهدی و سەرۆكی هەرێم بڵاوكرایەوە

ئەمڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زيرانى کاربەڕێکەری حکومەتی عێراق لە ھەولێر كۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ عێراق نه‌كرێته‌ گۆڕه‌پانى ململانێى هێزه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان. 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و لێكه‌وته‌كانى دوايين رووداو و پێشهاته‌كانى ده‌سپێكى ساڵى تازه‌ له‌ به‌غدا و گرژى و ئاڵۆزييه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ريكا و ئێران و خۆپيشاندانه‌كانى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ديالۆگى چاره‌سه‌ركردنيان تاوتوێ كرا".

 

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە" سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق جەختیان لە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق بێت و هەموو لایەنەكان پێكەوە كار بكەن بۆ ئاڵۆزترنەبوونی زیاتری دۆخەكە و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری، بەرژەوەندییەكانی عێراقیش ئەولەویەتی هەمووان بێت".

 

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند" گرنگيى به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و جموجوڵى تيرۆرستانى داعش له‌ عێراق و به‌تايبه‌تيش له‌ ناوچه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، بابه‌تێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرده‌وه".

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بە سەردانێك گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا، هەردوولا كۆبوونەوە.




PM:01:25:11/01/2020