ئەگەر زۆرە ئەمشەو بەرهەم ساڵح کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلای بکاتەوە

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" کەوتووە، ئەگەر زۆرە ئەمشەو بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلای بکاتەوە. 

 

بەپێی زانیارییەکانی سپی، دوو کەس پارسەنگیان بەهێزە بۆ ئەوەی ببن بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ئەویشیان یەکێکیان محەمەد توفیق عەلاوی، دووەمنیان علی شکورییە. 

 

ئەوەی شانسی زیاترە لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕابسپێرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران محەمەد توفیق عەلاوییە، کە کەسایەتییەکی ناسراوە خزمی ئەیاد عەلاوی و ئەحمەد چەلەبی و شا بەندەریشە،  پێشتر موقتەدا سەدر کاندیدی کرد لەساڵی ٢٠١٨ەدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام پەسەند نەکرا کە ئەگەر زۆرە ناوبراو ڕابسپێرێت، دواتر کە ڕادەسپێردرێت مانگێکی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کابینەکەی پێکبێنێت و دەچێتە بەردەم پەرلەمان و دەنگی پێدەدرێت. 

 

هاوکات ئەگەر ئەمشەو ئەم پرسە یەکلایبکرێتەوە لە نێوان سەرۆک کۆماری عێراق و کوتلە سیاسییەکانی عێراق، ئەوا تەنها پەسەند کردنی شەقامی دەوێت کە تائێستا نەزانراوە ئایا ئەم کاندیدە لەلایەن شەقامی خۆپیشاندەرانەوە پەسەند دەکرێت یان نا.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمشەو یان بەیانی زوو بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دوای ئەم کارە دەچێت بۆ کۆنگرەی بازرگانی داڤۆس، کە سەرکردەکانی جیهان بەشداری تێدا دەکەن. 

 

ئەگەر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق نەیتوانی ئەمشەو کاندیدێک یەکلایبکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوا بۆ چەند ڕۆژێک دوا دەکەوێت. 

 

 

 

 

 



PM:09:14:20/01/2020