حكوومەتی ھەرێم روونکردنەوەیەك لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی غاز بڵاو دەكاتەوە

 

لە روونكردنەوەیەكدا جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گرانبوونی نرخی غاز لە ھەولێر و دھۆك رایدەگەیەنێت "لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".

 

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
 
 لە بارەی هۆکاری گرانبوونی گاز لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک
 
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بە پێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. 

 
لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیا بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە.
 
لەم دوو رۆژەی ڕابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە. وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
 
جووتیار عادل

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

2020/2/2
 



PM:02:12:02/02/2020