دامەزراندی مامۆستایان گرێبەست گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیاند کارەکانی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە و دوای ماوەیەکی كەم دەست بەمامەڵەکانیان دەکەن.


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، د. ئالان حمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم  ڕایگەیاند "کارەکانی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە و لەماوەیەکی نزیکدا دەست بەمامەڵەی دامەزراندنیان دەکرێت".


وەزیری پەروەردەی هەرێم وتیشی "سەرقاڵی دروستکردنی داتابەیسێکن بۆ وەرگرتنی ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ، هەرکاتێک دۆخی ئابووری حکومەتی هەرێم  باشتربوو، ئەوان لەپێشینەی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە دەبن بۆ دامەزراندن".

سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەش ڕایگەیاند " ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دیراسەکردنی ئەو بابەتەن و پلەبەرزکردنەوەش بۆ هەموو فەرمانبەرانە نەک تەنها مامۆستایان یان وەزارەتێک."

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی "لەهەرێمی کوردستان 114 قوتابخانەی تەواونەکراو هەیە، بۆ تەواوکردنیان پێویستی بە 139 ملیار دینار هەیە، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبینەوە و کۆمەڵێک قوتابخانەش خراونەتە چوارچێوەی ساڵی 2020 کە تەواو بکرێن". 




PM:12:44:16/02/2020