دەروازەی سنوریی پەروێزخان داخرا

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناو بڵاوبونەوەی لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بەبڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتوچۆی گەشتیاریی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگیرا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا مەرزی پەروێزخان دەڵێت" دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانیەوە بنکەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار کرایەوە، کەلە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ٢١/٢٠ی٢٠٢٠/٢ ەوە هاتوچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕابگیرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی کە لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاش پشکنینیان لەلایەن بنکەی تەندروستی پەروێزخانەوە بەنوسراوی فەرمیی پزیشکیی بنکەی نشینگەی پەروێزخان لەجێگیریی دۆخی تەندروستییان ئاگادار دەکرێتەوەو ئەوکات ڕێگەی ئەوەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان".

 

جگە لە گەشتکردن، ئەو هاوڵاتیانەش کە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشکی و خوێندن و هەر کارێکی دیکە ڕوو لە وڵاتی ئێران بکەن، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادرێت و هەموو جۆرە هاتن و چونێک ڕاگیراوە.

مەرزی پەروێزخان لەبارەی هاتووچۆی بازرگانییەوە ڕایگەیاندووە" سەبارەت بە بەردەوامی یان ڕاگرتنی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی، پێویستی بەبڕیاری حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستانە".

ئەمەش دوای ئەوە ھات، وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە گەشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەرێم داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، سەرجەم دەروازە سنورییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران دابخرێت



AM:09:13:21/02/2020