تەندروستی هەولێر ژمارەی ئەوکەسانی کەرەنتین کراون ئاشکرا دەکات

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی دەرەوە هاتوونەتەوە و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و کەرەنتین کراون ئاشکراکرد. 

 

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ٢ ی ٣ ی ٢٠٢٠ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەتا ئێستا هەزار و ٩٥ کەس لە شاری هەولێر و دەوروبەری بۆ ماوەی دوو هەفتە لە کەرەنتینەدا دەمێننەوە، چەند کەسێک لەوانە ماوەی دوو هەفتەکەیان رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە کۆتایی پێدێت". 

 

ئاماژەی بەوەش کرد" لە نەخۆشخانەکانی هەولێر شوێنی تایبەت دیاریکراوە بۆ جیاکردنەوەی ئەوانە گومانیان لێ دەکرێت تووشی کۆرۆنا بوون و دواتر دەبرێنە ناوەندێکی تایبەتی بۆ چاودێری و وەرگرتنی چارەسەر، لە ئێستاشدا ١٢ ناوەندی کەرەنتینە کردن لە هەولێر بوونیان هەیە". 

 
لە ئێستادا توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تەنها لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە کە چوار حاڵەتن و بەپێی لێدوانەکانی تەندروستی باری تەندروستی توشبووەکان جێگیرە. 

 

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە و تا ئێستا ٣ هەزار و ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٩٠ هەزار کەسی دیکەش هەڵگری ڤایرۆسەکەن. 

 


 




PM:05:37:02/03/2020