لە رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ش هاوڵاتی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌

سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە پەتای کۆرۆنای تیادا بڵاو بووەتەوە چەندین هاوڵاتی لەو شارە بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دەیان کەسیش لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كه‌ لە چه‌ند سەرچاوەیه‌كه‌وه‌ لە سەقزەوە پێی گەیشتووە، لە ماوەی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، لانیکەم شه‌ش هاوڵاتیی ئەو شارە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی تەندرووستی ئێران پاش دوو هه‌فته‌، رۆژی پێنجشەممە 4ی ئازاری 2020، گیان لەدەستدانی یەک هاوڵاتی لەو شارە پشتڕاست کردەوە.

پێشتر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ئێران ڤیدیۆی ناشتنی ژنێكیان بڵاو کردەوە کە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەستدابوو و شەوانە و بە شێوەیەکی شاراوە بە خاک سپێردرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی دۆخی قەیراناوی و پەرەگرتنی رێژەی قوربانییەکان و تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە شاری سەقز، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ژمارەیەک لە رۆژنامەوانانی ئەو شارەیان بانگهێشت کردووە.

فەردین مستەفایی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی "سەقز رووداو"، لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەت و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە و  سەبارەت بە ئەگەری درێژەی چالاکییەکانی هۆشدارییان پێ داوە.

کاناڵی "سەقز رووداو" سەبارەت بە گیان لەدەستدانی چەند کەس و دۆخی نالەباری شاری سەقز بە هۆی پەتای کۆرۆناوە هۆشداری دابوو.



AM:09:52:06/03/2020