" تا ئێستا دەروازە سنوریەکان پاکژنەکراونەتەوە "

هەرێمی کوردستان چەند دەروازەیەکی فەرمی وەک باشماخ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەمە جگە لە چەندان دەروازەی نیمچە فەرمی، تا ئێستا هیچ یەکێک لەم دەروازانە رشتنیان بە مادەی دژە کۆرۆنا بۆ نەکراوە.

 

بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی " سپی " بۆ دەروازە سنوریەکان کە رۆژانە بەسەدان ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری دێتە هەرێم و بەسەدانی تانکەری گازو بەزنینی پێدا تێدەپەڕێت و دێنە ناو خاکی هەرێمەوە، تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک بە مادەی دژە کۆرۆنا رشتنی بۆ نەکراوە و پاکنەکراوەتەوە.

 

تا ئێستا دووجۆر کاروانی ئۆتۆمبیل دێنە ئەو دەروازانە، یەکێکیان ئەو ئۆتۆمبیلانایە کە شتومەکیان پێیە و لەناو خاکی هەرێمدا گۆڕەپانێکیان بۆ دروستکردوون و لە ژێر سەرپەرشتی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمدا بارەکانیان بەتاڵ دەکەن و دەخرێنە ناو ئۆتۆمبیلەکانی هەرێمەوە، هەرچی تانکەری گازۆیل و بەنزینشە کە شۆفێرەکانیان ئێرانین و حکومەتی هەرێم هیچ کۆگایەکی کۆکردنەوەی بانزین و گازۆیلی نییە لە سەر سنور، شۆفێرە ئێرانییەکان پاسپۆرتەکانیان لێدەسێندرێت و بە تانکەرەکان و خۆیانەوە لە ژێر چاودێری ئاسایش و پۆلیسدا دێنە ناو هەرێم و لە نزیک شارەکان تانکەرەکانیان بەتاڵ دەکەن، بە نمونە لە پارێزگای سلێمانی نزیک عەربەت کە دەکەوێتە ١٥ کم رۆژهەلآتی سلێمانیەوە ئەو تاکەرانە بارەکانیان بەتاڵ دەکەن و لە ماوەی دوو رۆژدا دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.( لێرەدا شۆفێرە ئێرانییەکان و تانکەرەکانیان کە رەنگە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابن بەهۆ نەبوونی کۆگاوە لەلایەن هەرێمەوە دێنە کوردستانەوەو هیچ رشتنێکی دژە کۆرۆنا بۆ تانکەرەکانیان ناکرێت، تەنها لەسەر سنور گەرمیەکی شۆفێرەکان دەپێورێت".

 

ئەوە لە کاتێکدا کە لیژنەیەکی ئیداری و هونەری لە قائیمقامیەت و بەرگری و خۆپاراستن و شارەوانی و تەندروستی دروستکراون بۆ دەستکردن بە پاکژکردنەوەی شوێنە گشتیەکان و ئەمڕۆ لە هەولێر دەستپێدەکرێت و بڕیارە سبەی یەک شەممەش لە سلێمانی دەستپێبکرێت و چەند رۆژێک دەخایەنێت.

 

 

 

 

 



AM:10:56:07/03/2020