سبەی لەسەر راگرتنی دەوامی فەرمانگەکانی هەرێم بڕیار دەدرێت

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایدەگەیاند" سبەینێ دوو شەممە بۆ روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیاری نوێ دەدرێت و بۆچونێكیش هەیە بۆ راگرتنی دەوامی فەرمانبەران".


رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەیان بۆ ئە رێكارە نوێییانەو زانیاریانە کرد  لەبارەی توشبووانی كۆرۆنا لەهەرێم سبەی لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریان لەسەر دەدرێت.


رێبەر ئەحمەد رایگەیاند" سبەینێ لیژنەی باڵای وەزاری روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەهەرێم كۆدەبێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت بڕیارو رێنمایی نوێ دەربچێت، چونكە پێویستە پێداچوونەوە بەبڕیارو رێنماییەكانی پێشتر بكرێت".




وەزیری ناوخۆ وتیشی" لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لەپەیوەندیداین تا هاوكاری هەرێم بكەن، بەشێكی باشیش پێداویسیتی پزیشكی گەیشتوەتە هەرێم و هاوكاری باشی وڵاتی چینیش بەڕێوەیە بۆ بەغداو پشكی هەرێمیش تێدا دەبێت."


لەبارەی راگرتنی دەوامی فەرمانبەرانیش، رایگەیاند، بۆچوونێك هەیە بۆ رێگری لەكۆرۆنا پشوو بۆ دامەرزاوە رەسمییەكان رابگەیەنرێت و بڕیاریشە سبەینێ لەكۆبوونەوەكە بڕیاری پێویست بدرێت.


هەروەها وتیشی" ئەوانەی لەئێران بەقاچاخ گەڕاونەتەوەو زۆرینەی دۆرزراونەتەوەو رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر كراوە، بەڵام ئەوانەی ناویان لەلیستەكاندا نەبووەو بەقاچاخ گەڕاونەتەوە رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام تائێستاش هەندێك كەس لەنێوان وڵاتان بەقاچاخ هاتووچۆ دەكەن".


هەر لەكۆنگرەكەدا د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند:تەندروستی ئەوانەی لەهەرێم توشی كۆرۆنا بوون جێگیرە، ئەو دوو كەسەشی لەهەولێر توشبوون باشن، پشكنین بۆ خێزانەكانیشیان كراوەو ئەنجامەكان نێگەتیڤ بووە.


وەزیری تەندروستی وتیشی" لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بەردەوامان هەیە، بۆ ئەو هاوكارییە پزیشكیانەشی  وڵاتان پێكەشی عیراقی دەكەن پشكی هەرێمی تێدایە، هەر كەسێكیش لەو وڵاتانەی كۆرۆنای تێدایە بگەڕێتەوە كەرەنتین دەكرێت."


PM:06:18:08/03/2020