شاری نەجەف کەرەنتینە دەکرێت

پارێزگای نەجەف، لوئەی یاسری رایگەیاند " لە چوارشەممەوە هەموو دەروازەكانی شاری نەجەف بۆ ماوەی یەك هەفتە دادەخرێت".



لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە " شارەكەیان بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخەن و هیچ هاتوچۆیەك ڕێگەی پێنادرێت، جگە لە ڕێگەدان بە ئۆتۆمبێلی هەڵگرتنی تەرم، ئەمەش بە مەبەستی ناشتنی ئەم تەرمانەی دەیانەوێ لە گۆڕستانی "وادی سەلام" بنێژرێن، كە گەورەترین گۆڕستانی لە جۆری خۆیەتی لە جیهاندا".



پارێزگاری نەجەف هێزەكانی دەروازەی شارەكەی راسپاردووە كە تەنها ڕێگە بە دوو ئۆتۆمبێل بدەن لەگەڵ هەر تەرمێكدا بێنە ناو شارەكە، دەبێت هەر ئۆتۆمبێلێكیش پێنج كەس زیاتری هەڵنەگرێت.



جێی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگای نەجەف داخستنی تەواوی مەزارگە شیعەكانی سنوورەكەی راگەیاندبوو تا كۆتایی هاتنی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 

 
نەجەف یەکەم حاڵەتی کۆرۆنای لە عێراقدا تێدا تۆمارکرا، بەو پێەی شوێنێکی ئاینی گەورەی شیعەکانە هەمیشە پڕە لە خەڵکانی شار و وڵاتانی تر کە بەمەبەستی ئاینی دەچنە ئەو شارە.




PM:11:19:09/03/2020