به‌رهه‌م ساڵح: بۆردومانه‌كانی ئه‌مشه‌وی ئه‌مریكا پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عیراقه‌

سەرۆكایەتی كۆمار ئیدانەی ئەو بۆردومانە دەرەكییەی كرد كە كرایە سەر چەند پێگەیەك لە ناو خاكی عێراق لە نێویشیاندا فرۆكەخانەی كەرەبەلا كە لە قۆناغی دروستكردندایە، لە ئاكامدا قوربانی و برینداری لە نێو هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی لێكەوتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە" بۆردوومانەکان سەرپێچی بوو بۆ سەر سەروەری نیشتمانی، جارێكی تر جەخت دەكەینەوە كە چارەسەركردنی دۆخی ئەمنی بە ڕێگەیەك دەبێت كە پشتیوانی حكومەتی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی ئەركەكانی خۆی بەجێ‌ بگەیەنێت و توانا و ویستی بەهێز بكات بۆ سەپاندنی یاساو پارێزگاریكردن لەسەروەریی و رێگەگرتن لە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ گۆرپانی جەنگی بە وەكالەت".

ئەوەش خراوەتەڕوو: سەر پێچییە بەردەوامەكان بۆ سەر دەوڵەت ئەوەندەی تر بە سیستەماتیكی و مەترسیدار دەبێت بۆ سەر توانا و هەیبەتی كە هاوكاتیش دەبێت لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارییە بەرچاو و چاوەڕوان نەكراوانەی كە لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و تەندروستی رووبەرووی دەبێتەوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە" ئەگەر هاتوو ئەم مەترسیانە بەردەوامبوون ئەوا عێراق بەرەو دەوڵەتێكی ناجێگیر و پڕ پشێوی دەبات، بەتایبەت ئەگەر بگات بە تێكچونی دۆخی ئەمنی، هاوشان لەگەڵ ئەو ئاماژانەی كە هەیە بۆ مەرامی پاشماوەكانی داعشی تیرۆریستی كە خۆیان رێك بخەنەوە و هەڕەشە دروست بكەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمان و هاوونیشتمانیان".

دەشڵێت" ئەم دۆخە مێژووییە پێویستی بە یەكانگیری نیشتمانی و رێكخستنی ریزەكان هەیە لەبارەی پرۆژەی نیشتمانی كە پشت دەبەستێت بە مەرجەعیەتی دەوڵەتی خاوەن سەروەری و بڕیاری سەربەخۆ و رێگری دەكات لەوەی عێراق بگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگ بۆ لایەنەكانی تر، و جەختكردنەوە لەسەر تەواو كردن و پارێزگاریكردن لە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا".

هاوکات لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆكایەتی كۆمار داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات پشتیوانی بێت لەم هەوڵەی و رێز لە سەروەری و بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆ بگرێت.

 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ هه‌ینی‌، فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا هێرشێكی‌ فراوانیان كرده ‌سه‌ر بنكه ‌و باره‌گاكانی‌ حزبوڵای‌ عیراقی‌ و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ شاره‌كانی‌ بابل و ئه‌نبارو كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ناسریه‌.

 






PM:05:03:13/03/2020