" لە سڵێمانی لەنەورۆزیشدا سەیران قەدەغەکرا "



لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی گەشت و سەیران بۆ شوێنە گەشتیارییەكان لە رۆژانی نەورۆزیشدا قەدەغە کرد.


لە راگەیاندراوێکدا هاتووە "ئەمڕۆ ١٤ / ٣ / ٢٠٢٠، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاش کۆبوونەوەی بەڕێزان قائیمقامی (دوکان، قەرەداغ، شارباژێڕ، دەربەندیخان)و بەڕێوەبەری گشتی گەشتو گوزاری پارێزگای سلێمانی لەسەر راسپاردەی پارێزگاری سلێمانی، کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە گەشتکردن و رێکخستنەوەی کەرتە گەشتیاریەکانی پارێزگای سلێمانی پەسەند کردو ژمارەیەک بریاری تێدا درا".

 
بەپێی ئەو بڕیارانە " قەدەغەکردنی تەواوی گەشت و سەیرانی هاووڵاتیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان. داخستنی تەواوی (گوندی گەشتیاری و کابینەو کەپرو یاریگا گەشتیارییەکان) لەشوێنە گەشتیارییەکاندا لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی".

 
لیژنەی ئۆپراسیۆنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "ئەم بڕیارانە پەیوەستە بە رۆژانی پشوو و رۆژانی نەورۆز، لەژێر رۆشنایی بڕیارو رێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و شارەوانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، تا کاتێکی نادیار".

 


PM:03:52:14/03/2020