مامۆستایانی ناڕازی: دواکەوتنی مووچە جێگەی قبوڵ نییە

مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن" دواخستنی مووچە و ئەم بارودۆخە نالەبار و خراپە ئابورییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر مووچەخۆرانی داهێناوە، قبوڵ ناکەین".

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرجەم شارو شارۆچکەکان، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە" دواخستنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پاساوێکی نییە و ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، دواخستنی مووچە و ئەم بارودۆخە نالەبار و خراپە ئابورییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر مووچەخۆرانی داهێناوە، قبوڵ ناکەین".

دەشڵێن" لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لە هیچ ڕوویەکەوه‌ هێمن نییە و خەڵک لە بارودۆخێکی دەروونی زۆر خراپدایە و حکومەتەکا­­نی دنیا لە هەموو روویەکەوە پاڵپشتی دارایی و تەندرووستی گەلەکانیانن، بەڵام لێرە حکومەت بە دواخستنی مووچە، باری ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان زیاتر قورس دەکات".

مامۆستایانی ناڕازیی ئاماژەبەوەشدەکەن" ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و چالاکوانان زۆر دەمێکە داوای چاکسازی دەکەین لە ئیدارەدانی حکومەت و فەرمانڕەوای لەهەموو سێکتەرەکان، بۆ روژێکی وەک ئەمڕۆمان بوو".

لە بەیاننامەکەشدا ئەوەشهاتووە: ئەوەی ئێستا روودەدات راگرتنی مووچە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵكردن نییە و دەبێت بەمیکانیزمێکی گونجاو هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بدرێت، وە لێرەوە ڕایدەگەیەنین هەرکاتێک ئەم بارودۆخە تەندروستییە­ نالەبارە کۆتایی پێهات، هەڵوێستی جدیمان دەبێت لەسەر پرسی مووچەو تەرفیعات و لایەنەکانی ژیانی مووچەخۆرانی کوردستان.


 


PM:02:02:15/03/2020