وەزیری دارایی: دەستکاری مووچە ناکرێت

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستکاری مووچەی مووجەخۆرانی هەرێم ناکرێت.

 
لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، وەزیری دارایی هەرێم کە بەسەردانێک لەسەر کاروبارەکانی ئەمڕۆ ١٩ی ئازار گەیشتە ئەوێ، رای گەیاند، دەنگۆی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران ”تەنیا قسەیە و هیچ بڕیارێک لەمبارەیەوە نەدراوە."

 
لەبارەی دەنگۆی کەمکردنەوە یان گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە، ئاواتی شێخ جەناب رایگەیاند ”ئەمانەی باس دەکرێن هەمووی قسەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دیراسەکردنی هەموو ئەگەرەکانە و هیچ ئەگەرێک پێش ئەویتر نەکەوتووە، هەر بڕیارێک دەرکرا، بە شەفافی هەموان ئاگادار دەکەینەوە“.

 
دەربارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وتی "ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێ و هیچ ڕێنماییەکی تازەمان نییە و هەرچی هەبێت، هەمووان ئاگادار دەکەینەوە“.


وەزیری دارایی لەو مەرزەوە رایگەیاند "بۆ کورد گرنگە بە یەکڕیزی ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا ببێتەوە و خۆپاراستنیش باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی سنوور بۆ کاریگەریی ڤایرۆسەکە دابنرێت".

 


PM:12:10:19/03/2020