قائیمقامی سلێمانی: هیچ قەیرانێكی كەمی خواردن و پێداویستی لە ئارادا نیە

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رەتی دەكاتەوە هیچ گرفتێك لە كەمی خواردن و پێداویستی لە سلێمانی هەبێت و دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتیانی شارەكە و دەڵێت" هیچ گرفت و قەیرانێك لە خواردن و پێداویستی رۆژانەدا نیەو  بڕی پێویستی خواردن و پێداویستی لە كۆگاكاندا هەیە".

 

قائیمقامی سلێمانی راشیدەگەیەنێت" رۆژانە لە رێگەی خاڵە سنورییەكانەوە خواردن و پێداویستی دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی، لەم رووەوە دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاوڵاتیان هیچ دودڵی و گومانێكیان لە كەمی خواردن وپێداویستیەكانی رۆژانە نەبێت, هەموو رێوشوێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بڕی پێویستی خواردن و كاڵاو شتومەك بگاتە هەرێمی كوردستان".

 

ئاوات محەمەد دەشڵێت" زیاتر لە 3 هەزار تۆن خوردن و پێداویستی بەڕێگەوەیە بۆ هەرێمی كوردستان و لە نزیكترین كاتدا دەگاتە شاری سلێمانی و پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان ئەمە جگە لەوەی لە كۆگاكاندا بە هەزاران تۆن خواردن و پێداویستی عەمباركراو هەیە".

 

قائیمقامی سلێمانی راشیدەگەیەنێت" لە خاڵە سنورییەكان كارئاسانی تەواو بۆ بازرگانان دەكرێت بۆ ئەوەی كاڵاو پێدویستیەكان بەبێ هیچ گرفتێك بهێننە هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو خواردن و كاڵایانەش لەژێر چادێری ووردی تەندروستیدا دوای دڵنیابونەوە رێگە بە هاوردەكردنیان دەدرێت".

 

 

 


PM:04:21:23/03/2020