ڕێواز فایەق ماوەی كەرەنتینەی لە ماڵەوە تەواو كرد

د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوەی لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢٠ لە هۆڵەندا گەڕایەوە ماوەی کەرەنتینەکەی لەماڵەوە تەواوکرد، کە ئەنجامەکەی (نێگەتیف) دەرچوو.

 

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

دوای گەڕانەوەی بەڕێز د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات لە رۆژی 2020/3/14، وێڕای جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا (كۆڤید-19) و ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی سەرەتایی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رۆژی 2020/3/16 لەڕاگەیەندراوێكدا بڕیاری خۆكەرەنتین-كردنی بەڕێزیانمان لەڕۆژی گەڕانەوەیانەوە ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ و دوای تەواوبوونی 14ڕۆژ كەماوەی دیاریكراوی كەرەنتینەیە، لەگەڵ پابەندبوونیان بەسەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەكان و ئەنجامدانی دواپشكنین كەخاوێن و نێگەتیڤ دەرچوو، بەگرنگی دەزانین ئاگاداری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكەینەوە كە كەرەنتینەی بەڕێزیان كۆتایی پێهاتووە. هاوكات هیوای چاكبوونەوە بۆ تەواوی تووشبووان دەخوازین و داوا لەهاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەین پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن..

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
2020/3/28

 

 



PM:10:31:28/03/2020