"قائیمقام باسی ئەشكەنجەدانی گیراوەكانی گۆڕان ناكات"

‌قائیمقامی سلێمانی ئاوات محەمەد - ماڵپەڕی قائیمقام
قائیمقامی سلێمانی لەسەر رووداوی دەستگیركردنی چاودێرەكانی گۆڕان روونەكردنەوە دەدات، بەڵام باسی "ئازارو ئەشكەنجەدانەكانیان ناكات".
لەرونكردنەوەیەكدا لەسەر دەستگیركردنی شەش چاودێری گۆڕان كە دوانیان چەكیان پێبووە، قائیمقامی سلێمانی دەڵێت " ئەو كەسانەی لە ڕۆژانی ڕابردودا بەچەكەوە لە دەوروبەری بنكەی جیاكردنەوەی دەنگدان لە (ئەلبیسەكە)ی شاری سلێمانی بەدی كراون دەستگیركراون و دوای دەستگیركردنیان روبەڕووی یاسا كراونەتەوە".
سەرچاوەیەكی بەپرس لە گۆڕانەوە بە سپی میدیای راگەیاند كە قائیمقامی سلێمانی بیری چۆتەوە كە ئەوان زۆنگی دووەمی چاودێری بوون‌و لەكۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لەگەڵ لایەنەكان كە ئەو خۆی سەرپەرشتی كردووە، ئەو بریارە دراوە كە ئەو چاودێرانە لەوێ‌ بن.
سەرچاوەكەی گۆڕان دەڵێت" قائیمقام وەك كادیرێكی حیزبی كاردەكات‌و ناتوانێت بێلایەن بێت، بوێری ناكات بۆ یەك وشەش لەسەر ئەوە بڵێت كە ئەو شەش كەسە بەبێ‌ بڕیاری دادگا گیراون، هەروەها بەیەك وشەش باس لەو ئازار‌و ئەشكەنجانە ناكات كە ئەو شەش گیراوە رووبەرووی بوونەتەوە، لەكاتێكدا ئەو بەرپرسی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانییە". 
قائیمقامی سلێمانی ئاوات محمد لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت"   ئەركی پاراستنی ئاسایشی بنكەكانی جیاكردنەوەی دەنگدان بەھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش سپێردراوەو رێگە بەھیچ ھێزو لایەنێك نادرێت كە بەچەكەوە لە دەوروبەری ناوەندی جیاكردنەوەی دەنگدان بمێنێتەوە".
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە " پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوەندی جیاكردنەوەی دەنگدانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەركی سەرشانی ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایشە نەك هێزی لایەنی تر".



AM:11:29:05/05/2014