فراكسیۆنی یه‌كێتی راگەیەنراوێك بۆ رای گشتی بڵاوده‌كاته‌وه
سەبارەت بە هەر دوو بەیاننامەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كه تایبه‌ت بوو به ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان له سلێمانی، فراكسیۆنی یه‌كێتی لەپەرلەمانی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە.
له روونكردنەوەكەدا فراكسیۆنی سه‌وز دەنوسێت: "سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بێ له‌به‌ر چاوگرتنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ بڕیاری دا لیژنه‌یه‌كی كاتی دروست بكریت بۆ به‌دواداچوونی پێشێلكارییه‌كان، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی باوه‌ڕیان به دادگا نیه ده‌بوایه چاوه‌ڕێی بڕیاری لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن نه‌ك له‌بری دادگا‌و لیژنه لهبهیاننامهكهیان بڕیار ده‌ربكه‌ن".
ده‌قی راگەیەنراوەکە:
راگه‌یه‌ندراوێك له فراكسیونی سه‌وز له په‌رله‌مانی كوردستان
وه‌ك فراكسیۆنی سه‌وز به‌پێویستی ده‌زانین هه‌ندێ ڕاستی له‌سه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له (4/5/2014) وهه‌ردوو به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له (4/5/2014) بۆ رای گشتی بخه‌ینه ڕوو:
1.سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بێ له‌به‌ر چاوگرتنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ بڕیار درا لیژنه‌یه‌كی كاتی دروست بكریت بۆ به‌دواداچوونی پێشێلكاریه‌كان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی باوه‌ڕیان به دادگا نیه ده‌بوایه چاوه‌ڕێی بڕیاری لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن نه‌ك له‌بری دادگا‌و لیژنه لهبهیاننامهكهیان بڕیار ده‌ربكه‌ن.
2.بهییاننامهكه به نه‌فه‌سی حزبی و لایه‌نگیری لایه‌نێك نووسراوه نه‌ك دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان كه نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.
3.له هه‌ڵبژاردنی 21/9 چه‌ند شه‌قامێك دوورتر له‌باره‌گای سه‌رۆكی هه‌رێم له‌هه‌ولێر گه‌نجێك به‌ناوی (سه‌ركه‌وت عومه‌ر فه‌رحان) كادیری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر رێگری كردن له ته‌زویر شه‌هید كرا، به‌ڵام بۆچی ئه‌وكات هه‌ر بۆ ئیدانه‌ش بوایه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ئه‌ركی خۆی نه‌زانی به‌یاننامه ده‌ربكات، به‌ڵام بۆ رووداوه‌كه‌ی سلێمانی وا به‌په‌له‌ن یان ئه‌مه وه‌ك رووداوی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمانه له‌هه‌ولێر كه به‌تیرۆرست ناوی ده‌به‌ن و به‌مه‌ش ده‌ڵێن سه‌روه‌ری یاسا‌و بۆ شه‌هید كاوه گه‌رمیانیش له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه لیژنه‌ی بۆ دروست ده‌كه‌ن.
4.ده‌رباره‌ی رای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان مه‌رجه‌ع بێت بۆ كاندیدكردنی (سه‌رۆك كۆمار) به‌پێویستی ده‌زانین یاداشتی ئه‌و 65 پهرلهمانتارهتان بیر بهێنینه‌وه كه له خوولی (3)ی په‌رله‌مان پێشكه‌ش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێممان كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره (1)ی ساڵی 2005 په‌رله‌مان مه‌رجه‌ع بێت بۆ پرسه چاره‌نووسازه‌كان بهگشتیو به‌تایبه‌تی رێككه‌وتنی پێكهێانی حكومه‌تی عیراقی له‌هه‌ولێر كه ئه‌وكات نه‌گه‌ڕابوونه‌وه بۆ په‌رله‌مان، له وه‌ڵامدا وتتان سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته له‌ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه نوێنه‌رایه‌تیتان ده‌كات به‌گوێره‌ی (مادده‌ی دووه‌م) له‌یاسای (1) ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. بۆیه پێویسته مه‌رجه‌ع بوونی په‌رله‌مان به‌ڕای كه‌سی و په‌رچه‌كردار نه‌بێـت به‌ڵكو ده‌بێـت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ده‌قی بڕیاری ژماره (1)ی ساڵی 2005 به‌تایبه‌تی له ئاینده‌یه‌كی نزیك پڕۆسه‌ی دانیشتن و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كرێت وبه‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره (1) ی ساڵی 2005 و مادده‌ی 56 بڕگه‌ی دوو له‌یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان و رێككه‌وتنه‌كان بێته‌وه په‌رله‌مان و ئه‌ندامان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێویستی ده‌زانین له‌رابردوودا بپرسین سه‌رۆكی هه‌رێم له‌كام رێككهوتنو كام بڕیار گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان؟ ده‌پرسین كه به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی ره‌تی كرده‌وه له‌په‌رله‌مان متمانه‌ی پێبدرێت ئایا ئه‌مه له‌گه‌ڵ بهیاننامهكهیان ناكۆك نییه؟ ده‌پرسین ئه‌ی رێككه‌وتنی فرۆشتنی نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیا واژوو كرا به‌ڕێزیان به‌گوێره‌ی یاسای په‌رله‌مان گه‌ڕانه‌وه په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ند كردنی رێككه‌وتنه‌كه؟ ئایا رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێر كه سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی كرد‌و مالیكی بو به سه‌رۆك وه‌زیران (وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ كورد باسكرا) له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرا؟ یان په‌رله‌مان ئاگادار بوو؟ ئایا كه به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم وتار ده‌دات و كارتی ده‌وڵه‌تی كوردی باس ده‌كات هه‌رگیز پرسی به په‌رله‌مان كردووه كه سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتیه‌تی؟
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین ئێستا قۆناغی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنی (په‌رله‌مان كوردستان، عیراق، پارێزگاكان) و ئه‌ركمان زه‌مینه سازییه بۆ رێككه‌وتن چونكه ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ریخست هیچ هێزێك ناتوانێ نه لهكوردسان ونه‌له هیچ پارێزگایه‌ك به‌ته‌نیا بڕیار بدات و فه‌رمانڕه‌وابێت. وه‌ك فراكسیۆنی سه‌وز پشتیوانی له‌مه‌رجه‌ع بوونی په‌رله‌مان بۆ هه‌موو پرسه چاره‌نووسازه‌كان ده‌كه‌ین و ئومێده‌وارین ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ئاینده‌دا ببێته پراكتیك و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌لاڕێدابردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه.
فراكسیۆنی سه‌وز
له‌په‌رله‌مانی كوردستان
5/5/2014
PM:03:53:05/05/2014