"بەمەبەستی لێپرسینەوە بەرپرسی كۆمسیۆنی سلێمانی بانگهێشتی بەغدا دەكرێت"

‌هاوڕێ تۆفیق بانگهێشتی به‌غدا ده‌کرێت
بەمەبەستی لێپرسینەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هاوڕێ‌ تۆفیق بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی بانگهێشتی بەغدا دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغداوە بە سپی میدیای ڕاگەیاند كە بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی هاوڕێ‌ تۆفیق بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی بەغدا دەكرێت‌و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر دروستكراوە.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەو سەرچاوەیە بە سپی میدیای راگەیاند كە لیژنە باڵاكەی كۆمسیۆن كە لێكۆڵینەوە لە هاوڕێ‌ تۆفیق دەكەن پێكهاتووە لە سێ‌ كەس، كە ئەوانیش بەرێوەبەرێكی گشتی كۆمسیۆن‌و بەرپرسێكی یاسایی‌و بەرپرسێكی بەشی سكاڵا واتە(شكاوی)ە.
سپی میدیا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە پەیوەندیكرد بە سیروان ئەحمەد ئەندامی كۆمسیارانی باڵاوە، ئەو لای خۆیەوە ئەوەی نەشاردەوە كە هاورێ‌ تۆفیق بانگهێشتی كۆمسیۆنی باڵا لە بەغدا كراوە، بەڵام بەكارێكی ئاسایی ناوزەدی كرد.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا هاوڕێ‌ تۆفیق كۆمەڵێك داوای لەسەرە‌و یەكێك لەو دوا یاساییانە كە لەسەری بانگهێشت كراوە بۆ لێكۆڵینەوە مەسەلەی رێگادانە بە دەنگدەران كە مۆبایل بەرنە ناو هۆڵەكانی دەنگدان‌و رێگایان پێبدرێت وێنە بگرن، كە ئەم كارەش بەپێی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن رێگا پێنەدراوە.
ئەم بانگهێشتكردنەی هاورێ‌ تۆفیق بەرپرسی كۆمسیۆنی پارێزگای سلێمانی لەكاتێكدایە كە هەر لەكاتی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكانەوە هەموو لایەنە سەرەكییەكانی پارێزگای سلێمانی داوای یاساییان لەسەر " پێشێلكارییەكان"ی هاوڕێ‌ تۆفیق تۆماركرد.
لەسەرەتای دروستبوونی كۆمسیۆنی باڵاوە، هاوڕێ‌ تۆفیق چوارەم بەرپرسە لەو پۆستەدا‌و، دوای هەریەك لە سەفوەت رەشید‌و ساڵح محەمەد ئەمین‌و حاكم لەتیف مستەفا دێت.
 



PM:09:39:06/05/2014