کارمەندانی تەندروستی چوار داواکاری ئاڕاستەی حکومەت دەکەن

سەندیكای كارمەندانی تەندروستی چوار داواكاری ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، دەیانەوێت ئەو كارمەندانەی بەشداری هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنابوون بەشێوەیەكی تایبەتی پاداشت بكرێن. 

 

لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی هەریەكە لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە، سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی لقی سلێمانی رایگه‌یاندووە" له‌ وڵاتانی دراوسێ و جیهانیشدا حكومه‌ت و هاوڵاتیان به‌ چه‌ندین شێوه‌ پێزانین بۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پزیشكان و فه‌رمانبه‌ران ده‌رده‌بڕن و له‌ رووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ پاداشت ده‌كرێن".

هاوکات لە یاداشتەکەدا کارمەندانی تەندروستی داواشی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن كار له‌سه‌ر ئه‌م داواكارییانه‌ بكه‌ن:

1- دابینكردنی زه‌وی بۆ به‌شداربووانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و شوێنانه‌ی كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن.

2- پێدانی سوپاس و پێزانین و پێشخستنی ساڵی خزمه‌تیان بۆ ماوه‌ی ساڵێك.

3- دامه‌زراندنی ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی كه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر ساڵانێكه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن و ئێستا له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا پێشه‌نگن.

4- دابینكردنی هاوكاریی دارایی بۆ سه‌رجه‌م به‌شداربوانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا.



AM:11:28:15/04/2020