کەجەکە داوا دەکات ئەو هێزانەی هێنراونەتە زینی وەرتێ بکشێتەوە

کۆما جڤاکی کوردستان- ناسراو بە کەجەکە کە دەستەی باڵای بڕیاردانی پەکەکە و کۆمەڵگای باکورە، داوا دەکات ئەو هێزانەی هێنراونەتە زەینی وەرتێ،  بکشێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کەجەکە لەبارەی بارگرژیەکانی زەینی وەرتێ و کوژرانی سێ گەریلای پەکەکەوە بە بۆردومانی تورکیا، دەڵێت 


"ئێمە لە لە ڕۆژانی سەرەتاوە سەرنجمان لەسەر ئەو دۆخە مەترسیدارەیە، کە لە ناوچەکە هەیە، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە قسەمانکردووە، گەلەکەمان دەستنیشانیان کرد، کە ئەو دۆخە مەترسیدارەی دروستکراوە لە بەرژەوەندیی کورداندا نییە و ئەوان ئەو دۆخەیان ناوێت، ئەگەر ئەوە ڕووبدات بە دڵی دەوڵەتی تورکە، هەموو هێزە کوردییەکانیش دەبێت ئاگادارای ئەمە بن".


ئەوەش هاتووە"ئێمە ئەو هەستیارییەی گەلەکەمان بۆ ڕای گشتیی بەش دەکەین، بانگەوازیی لە تەواوی گەلەکەمان لە باشور، بەشە هەستیارەکەی کۆمەڵگا، ڕۆشنبیر، نووسەر و هونەرمەند دەکەین، کە بۆ ئەوەی ڕێگە لەمە بگیرێت، بکەونە جوڵە، چونکە ئەگەر دیسان کوردان لەگەڵ یەک بکەونە شەڕ، تەنیا بە سودی دووژمنانی کورد و دەوڵەتی تورک و ئاکەپە یە".


لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا بانگەوازیی لە هەموو ئەو هێزانە کراوە، کەبوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی، بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.


زینی وەرتێ کەوتووەتە نێوان چیای کارۆخ و چیای قەندیل، ئەو دوو زنجیرە بە یەکەوە دەبەستیتەوە و نزیکە لەو شوێنانەی بەدەست پەکەکەوەیە، رۆژی ٢٤ی ئازار ناکۆکیی لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-دا دروستبوو. سەرەتا هێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە برایە ناوچەکە، ڕۆژی ٩ی نیسانیش، یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان هێزێكی پێشمەرگەی سەر بەیەكەكانی ٧٠ی ناردە زینی وەرتێ و هەمان بارەگا كۆنەكەی خۆیان نوێكردەوە، زانیاریەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پارتی رۆژی ١٥ی نیسان هێزێکی بەچەکی قورسەوە ڕەوانەی ناوچەکە کرد، هاوکات فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیش لەو ناوچەیە زیادیکردووە.
 


AM:09:54:16/04/2020