ژورى ئۆپەراسیۆنى ئیدارەى راپەڕین چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد
ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین تایبەت بە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، چەند بڕیارێکی نوێى دەکرد، بەپێى بڕیارەکان، دوکان و بازاڕەکانى سنورى ئیدارەى راپەڕین دەکرێنەوە بە مەرجى جێبەجێ کردنى سەرجەم رێنماییە تەندروستیەکان.
دەقی بڕیارەکان
یەکەم : جگە لە کافتریا و چایخانە و قاوەخانە و هۆڵەکانی لەشجوانی و پارکە گشتی و تایبەتی و یاریگا و مزگەوت، دوکان و بازاڕ دەکرێتەوە بە مەرجی پەیڕەو کردنی سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان ( بەکارهێنانی ماسک و دەسکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی و جەنجاڵی و دووریی نێوان کەسەکان بە ئەندازەی دوو مەتر ) .
دووەم / خواردنگە و چێشتخانەکان دەکرێنەوە: ئەوانەی کە مۆڵەتی تەندروستییان هەیە و بەو مەرجەی کە گەڕۆک و سەرعارەبانە نەبن و خواردن بە دیلیڤەریی پێشکەش بکەن ...
سێیەم / پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ناکرێنەوە هەتا لە کۆبوونەوەی رۆژی 23 ی نیسان بڕیارێکیان بە پێی بارودۆخەکە لێ دەدەرێت ..
چوارەم / هەتا قەدەغەکردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان هەڵ نەگیرێت رێگە بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی ( پاس و مینی پاس ) نادرێ کاربکەن .
پێنجەم / دەربارەی نۆرینگە پزیشکییەکان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەرین و و سەندیکای پزیشکانی راپەرین هەماهەنگیی بۆ کردنەوە و رێکخستنەوەی کردنەوەیان دەکەن .
شەشەم / مەیدانەکان و هەفتەبازاڕەکان لەم قۆناغەدا هەر بەداخراویی دەهێڵرێنەوە و بواری کردنەوەیان نادرێت .
حەوتەم / بڕیای قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەکان هەر جێگیرە و هێزە ئەمتییەکان رێکارەکانی پێویست بۆئەم مەبەستە دەگرنەبەر .
هەشتەم / قائمقامییەت و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان میکانیزمی پێویست بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ و ژیانی خەڵک دەگرنەبەر و خۆیان سەرپشکن لەم کارەدا ...
PM:02:11:18/04/2020