سەرۆكایەتی پەرلەمان: هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای دەستور لە ئەولەویەتی كارەكاندایە

‌سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: پڕۆژەی دەستور هەموار دەكرێتەوە
لەبارەی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای دەستور لە ئەولەویەتی كارەكاندایە".
لەراگەیەندراوێكدا كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە ئاماژە بەوە دەكات لەگەڵ دەست بەكاربونی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان، پرسی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان تاووتوێ‌ دەكرێت، چونكە ئەمە داخوازی زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بوە.

دەقی راگەیەنراوە:
راگەیەندراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان
 سەرەڕای هەنووكەیی بوونی پرسی پێكهێنانی حكومەت، بۆ پەرلەمان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هەمان شێوە هەموار كردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لە ئەولەویەتی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەیدایە.
  بۆیە هەر لەگەڵ دەست بەكاربوونی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان ئەم پرسەی تاوتوێ كردووە. چونكە ئەمە داخوازی زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێًم بووە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پاش راوێژ لەگەڵیان  لە رێگەی نامەیەكەوە لە بەرواری  12/6/2013 داوای لە پەرلەمان كرد، كە بە هەموار كردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان  هەوڵی هێنانە كایەی سازان بدەن لەسەری .
 بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لە ماوەی داهاتودا بڕیار لەسەر ڕێو شوێنەكانی هەمواركردنی پرۆژەی دەستوور دەدات. بۆ ئەوەی  دەستوری داهاتوی هەرێم  ببێتە هۆی هێنانە كایەی  سیستەمێكی دیموكراتی و پەرلەمانی  و مەدەنی  كە پایەكانی  بە دامەزراوەیی كردنی هەرێم رەنگ رێژ بكات و ببێتە جێی متمانە و ڕەزامەندی هاونیشتیمانیان. بەو هیوایەی  هەمووان  بە گیانێكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكەن و خۆیان بە دوور بگرن لە بابەتی موزایەدەی سیاسی.


سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
13/5/2014 



PM:12:38:13/05/2014