سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: حكومەتی هەرێم (٩٠٠ ملیار) دیناری لە بانكی هەرێم داناوە

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە نوسراوێکدا دەڵێت"  پێنج مانگ لە ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕیوە و تا ئێستا ئامادەنین موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش بکەن، لە کاتێکدا حكومەتی هەرێم (٩٠٠ ملیار) دیناری لە بانكی هەرێم داناوە".

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە هەندێ سەرچاوەی متمانە پێکراوەوە ئاگادارکراینەوە لە بوونی نزیکەی یەک ترلیۆن دینار لە بانکی هەرێم، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەیشارنەوە، پێنج مانگ لە ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕیوە و تا ئێستا ئامادەنین موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش بکەن".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ هاوکات داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لەم بێدەنگییە بێتە دەرەوە و بە ڕۆڵی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵسێت و بەدواداچوونی جدی بکات بۆ ئەو پارە زۆرە .

لەکۆتایی نوسراوەکەدا عەبدولستار مەجید جەختیشکردۆتەوە: ئێمە لەم بابەتە بێدەنگ نابین، ئەمە فەزیحەیەکی گەورەیە کە پارە هەبێت و دەسەڵات ئامادەنەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک و وەک موچە دابەشی بکات!. 



PM:08:51:03/05/2020