تەندروستی هەولێر: ئەمڕۆ ١١ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند" ١١ تووشبووی دیكەی كۆرۆنا چاكبوونەوە و رەوانەی ماڵەوە كرانەوە".

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەیانی شەش نەخۆشی پەتای کۆرۆنا چاکبوونەوە، هەر ئەمڕۆ پێنج نەخۆشی تر چاکبوونەوە و بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە، کۆی گشتی چاکبووەکانی ئەمڕۆ بووە بە ۱۱ کەس".

روونیشیکردەوە: ئەو ١١ هاوڵاتییە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەتەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیر بۆتەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە" پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ تووشبووەکان کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە".

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر راشیگەیاند" کۆی گشتی چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر، لە ئێستادا گەیشتۆتە ١٨٩ کەس".

دووپاتیشیکردەوە، خۆپارێزییەکان، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان زامنی زاڵبوونمانە بەسەر ئەم پەتا جیهانییەدا.

 



PM:07:26:07/05/2020