نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت

نرخى مریشکى زیندوو بە شێوەیەکى بەرچاو بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوەو وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستانیش دەڵێت" گرانبوونەکە کاتییە و بەهۆى زۆرى خواستى هاووڵاتیان و بڕى خستنە بازاڕەوەیە".

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند" ماوەیەکى زۆرە نرخى مریشکى زیندوو لەبازاڕەکانى هەرێمی کوردستان جێگیرە و تاڕادەیەکى باشیش دابەزی بوو بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە، چونکە پڕۆژەى کێڵگە پەلەوەرییەکان پێداویستى ناوخۆیى بەزیادەوە دابین دەکەن، بەڵام لە ماوەى دوو رۆژى رابردوو نرخەکە بەشێوەیەکى خێرا بەرزبووەوە".

راشیگەیاند" گرانبوونى نرخى مریشکى زیندوو بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕیتەوە، لەوانەش رێژەى خستنە بازاڕ و خواستى هاووڵاتییان کە ئێستا بەهۆى نزیکبوونەوەى جەژن خواست لەسەر مریشکى زیندوو زیادى کردووە، جگەلەمەش هەناردەکردنى مریشکى زیندوو بۆ پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق، چونکە ئێستا رێگاى بازرگانى نێوان پارێزگاکان کراوەتەوە".

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمدا لە دوو هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ سێ هەزار دینار و دواتریش بوو بە سێ هەزار و ٥٠٠ دینار.




PM:12:46:15/05/2020