ئاسۆ فەرەیدون ژمارەی دەنگەكانی خۆی ئاشكرا دەكات

كاندیدی ژمارەی یەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ژمارەی دەنگەکانی خۆی ئاشکرادەکات.

ئاسۆ فەرەیدون،لە پەیجی خۆی لەفەیسبووك، لە وتارێكدا ناراستەوخۆ هێرشدەكاتە سەر هەڤاڵ ئەبوبەكر و لە كۆتایشدا باس لە دەنگەكانی خۆی دەكات و دەڵێت، زیاتر لە 100 هەزار دەنگم هێناوە.

ئاسۆ فەرەیدون نووسیویەتی، "لەكاتێكدا بەندە وەك تەلەبەیەكی مەكتەبە مەزنەكەی یەكێتی، بەپێ ی ئەنجامی بەرایی دەنگە سەوزەكان، زیاتر لە سەد هەزار خونچەی متمانەم لە ئەستۆدایە، هەر یەكێك لەو دەنگانەش، قەرزی حەقێكی سەوزن بە گەردنمەوە و لەم كاروانەدا هێزمان پێدەبەخشێت، دەمانكانە مەئمورێكی دڵسۆزی متمانەكەیان، بەڵام فرەڕەنگی نەبێت ، هیچ لایەكمان بە تەنیا باخچەی ئاشتەوایی پێ ئاوەدان ناكرێتەوە .

لەبەشێكی دیكەی وتارەکەیدا، ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت:  پانۆرامای سەوز، نیللی، زەرد، خاكی و پرتەقاڵی تێكەڵاونەبێت، دیمەنی سیاسی پارێزگاكەمان ڕوون نابێتەوە. خەڵك لە پێناو جەجاڵی و ئاشوب و قەیراندا ئەم چەپكە رەنگەی هەڵنەبژاردووە، بەڵكو گوتیان : ئیتر بەسە ، لەوە زیاتر ئەم شارە مەكەنە گۆڕەپانی كینە و ناكۆكی و ململانێ حیزبییەكانتان.



PM:02:25:17/05/2014