وەزارەتی ناوخۆ ڕێكارە نوێیەكانی قەدەغەی هاتووچۆی بۆ هاووڵاتیان و فەرمانبەران ڕاگەیاند

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و قەدەغەكردنی هاتووچۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆو هەڵسەنگاندنی ورد لەسەر بارودۆخەكە كراو دواجار بڕیاردرا:

 

١- هەموو بڕگەكانی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ دەكرێن.

 
٢-پەیوەست بە قەدەغەی هاتووچۆ لە سەعات (٦)ی ئێوارەی سبەینێوە (٣/ ٦/ ٢٠٢٠) لەژێر ڕێكاری توندی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستییەكاندا سێكتەرە جیاجیاكان دەكرێنەوە.

 
٣-دوای تێپەڕبوونی (٧٢) سەعات بەسەر كەرەنتینەكردنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا، دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە دەروازەكە دەكرێتەوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسێكی زۆری هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان كرا، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێكارەكان و خۆپارێزییانەوە، داوایان لێكرا بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزی، لەهەمان كاتدا هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت ئاگاداركرانەوە، كە پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بەوردی جێبەجێ بكەن و هەر سەرپێچی و كەمتەرخەمییەك دەبێتە مایەی لێپرسینەوەی یاسایی و كارگێڕی توند.



PM:06:15:02/06/2020